یەكێتی ئەوروپا : هێرش بۆ سەر مزگەوتەكان وەك ئەوەیە هێرش كرابێتە سەر هەموومان
یەكێتی ئەوروپا ئاشكرایكرد سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو كەسانە كە لە هێرشە تیرۆریستییەكان بۆ سەر دوو مزگەوت لە نیوزلەندا گیانیاندا لەدەستداوە دەكەن و رایگەیاند: هێرش بۆ سەر پەرستگاكان وەك ئەوەیە هێرش كرابێتە سەر هەموومان.
لە راگەیەنراوێكدا لەوبارەیەوە، نوێنەری باڵای سیاسەتی ئاسایش و پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا، (فێدێریكا مۆگێرینی) رایگەیاند، سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو كەسانە دەكەین كە لە هێرشە تیرۆریستییەكان بۆ سەر دوو مزگەوت لە نیوزلەندا گیانیاندا لەدەستداوە، هێرش بۆ سەر پەرستگاكان وەك ئەوەیە هێرش كرابێتە سەر هەموومان.
هاوكات سەرۆكی كۆنسەی یەكێتی ئەوروپا، (دۆناڵد تۆسك) لە رێگەی ئەژماری خۆیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: هێرشە ناپاكانەكەی (كرایستچەرچ) هەرگیز زیان بە هەڵوێستی میانڕەوانەو لەخۆبوردەیی نیوزلەندا ناگەیەنێت.
لای خۆشییەوە سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا، (ئەنتۆنیۆ تایانی) لەوبارەیەوە رایگەیاند، لەبەرامبەر ئەو دیمەنانەی كە هێرشە تیرۆریستییەكانی نیوزلەنداوە دێن، مرۆڤ زمانی گۆ ناكات، نەژادپەرستی، رق و كینەو شێتی، ئەو بێتاوانانەی كردە ئامانج كە لە مزگەوتدا پەرستشیان دەكرد.
|