تایبەتمەندی سورەتی مەدەنی چیە و زیاتر ئایەتەکانى باسى چى دەکەن ؟
بابەت و ناوەڕۆكی قورئانی (مەدەنی) زۆر كات بریتی یە لەگرنگی دان بەم بابەتانەی خوارەوە:
1- بانگەوازكردنی موسڵمانان بۆ تێكۆشان و خۆبەخشین لەپێناو خودا (الجهاد في سبیل الله)، چونكە موسڵمانان لەكاتێكدا كۆچیان كرد لە (مەككە) وە بۆ (مەدینە) دەوڵەتی ئیسلامیان پێكهێنا، هەر بۆیەش پێویستیان بە بەرگری هەبوو لە ئاین و دەوڵەتی خۆیان، هەر بۆیەش لە قورئانی (مەدەنی) دەبینین هاندان هەیە بۆ تێكۆشان و جەنگ لەبەر خودا، هەروەكو خودا دەفەرمێت:
[إِنَّ اللَّهَ اشْتَرَى مِنَ الْمُؤْمِنِينَ أَنْفُسَهُمْ وَأَمْوَالَهُمْ بِأَنَّ لَهُمُ الْجَنَّةَ يُقَاتِلُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ] [التوبة: 111 ] .
واتە: بەڕاستی خوای گەورە نەفس و ماڵی ئیماندارانی كڕیوە بەرامبەر ئەوەی كە بەهەشتیان بۆ هەیە، ئەمەش بەوەی ئیمانداران جەنگ دەكەن لەپێناوی خوادا.
2- باس كردن و ڕوون كردنەوەی حوكمەكانی ئیسلام وەكو باس كردنی سوو خواردن (الربا) كە خوای گەورە بڕیاری ئاشكرا كردنی جەنگی كردووە دژی ئەنجامدەری، هەروەكو دەفەرمێت: [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَذَرُوا مَا بَقِيَ مِنَ الرِّبَا إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ فَإِنْ لَمْ تَفْعَلُوا فَأْذَنُوا بِحَرْبٍ مِنَ اللَّهِ وَرَسُولِهِ] (البقرة 278-279).
واتە: ئەی ئیمانداران تەقوای خوا بكەن، وە وازبهینن لەوەی ماوەتەوە لە بەردەستان لە سوو(ربا) گەرخۆتان بە ئیماندار دەزانن، جا ئەگەر واز نەهێنن ئەوا ئاگاداربنەوە بە جەنگێك لەلایەن خواو پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) دژتان...
3- دانانی سزای دیاری كراو، واتە: (الحدود)، وەكو دانانی حەدی زیناو دزی وغەیری ئەمانە، بۆنمونە: خودا دەفەرمێت:
[وَالسَّارِقُ وَالسَّارِقَةُ فَاقْطَعُوا أَيْدِيَهُمَا] (المائدة: 38).
واتە: دز جا چ پیاو بێت یان ئافرەت ئەوا پێویستە دەستیان ببڕن.
4- ئاشكرا كردنی خوڕەوشتە خراپەكانی دوو ڕوەكان، لەبەر ئەوەی لە قۆناغی (مەدینە) وە لەدوای جەنگی بەدردا دووڕوویی دەركەوت، بۆ نموونە خودا دەفەرمێت:
[وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَقُولُ آَمَنَّا بِاللَّهِ وَبِالْيَوْمِ الْآَخِرِ وَمَا هُمْ بِمُؤْمِنِينَ] (البقرة: 8).
واتە: هەندێك لەخەڵكی هەیە (واتە دووڕووەكان) دەڵێن بڕوامان هێناوە بەخواو ڕۆژی دوایی، بەڵام لەڕاستیدا ئەوان ئیماندار نین.
5- كپ كردنی دەمی خاوەن كتێبەكان (أهل الكتاب) لە جوولەكەو غەیری ئەوان، وەگفتوگۆكردن لەگەڵیاندا، بۆ ئەوەی قسەیان نەمێنێ. هەروەكو خودا دەفەرمێت:
[وَلَا تُجَادِلُوا أَهْلَ الْكِتَابِ إِلَّا بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ إِلَّا الَّذِينَ ظَلَمُوا مِنْهُمْ] (العنكبوت: 46) واتە: گفتۆگۆ مەكەن لەگەڵ گاور و جولەكە بەباشترین شێواز نەبێت، بەزانیاری و ڕەوشتی جوان و نەرمی ووتە و بانگەشە كردن بۆ چاكە.. بەڵام ئەوانەی كە مەبەستیان حەق نی یە لەوان، بەڵكو تەنها دەیەوێ خۆی بیباتەوە ئەوا گفتۆگۆكردن سوودی نی یە لەگەڵیدا.
6- باسكردنی سەركەوتنی موسڵمانان لەجەنگەكانیاندا، خودا دەفەرمێت: [وَلَقَدْ نَصَرَكُمُ اللَّهُ بِبَدْرٍ وَأَنْتُمْ أَذِلَّةٌ] (ال عمران: 123).
واتە: بەڕاستی خودا ئێوەی موسڵمانانی سەرخست لە غەزای بەدردا لەكاتێكدا ئێوە كەم و زەلیل بوون لەژمارەو چەكدا.
گۆڤارى ڕێگاى ڕاست ژمارە (9)
|